شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: پاکەتی شیرین مەفادی حەزرەتی شاهانە هات سەبارەت: بۆ شێخانی تەوێڵە و بیارەیە پاکەتی شیرین مەفادی حەزرەتی شاهانە هات هەروەکوو تووتی بە کۆڵێ قەندەوە مەردانە هات بۆ موبارەکبایی ئەم عەیش و سروور و عیشرەتە تایەفەی ئاغا و بەگلەر، عەشرەت و بێگانە هات جەمعی دەروێش و مەلا و سۆفی لەگەڵ ئەهلی تەریق ساقی و مەینۆش و مەست و مورشیدی مەیخانە هات دەف زەن و شمشاڵژەن و سەرپاکی دەنگخۆشی وڵات شێت و سەرعی گێژ و غافڵ، عاقل و فەرزانە هات سەر بە پرچ و دەس بە زەرگ و مل بە ڕەشمار و بەڵێ سەف بە سەف دەم پڕ لە ئاگر، تاقمی دێوانە هات پرچی دەروێش و چرا تێکەڵ بە یەک بوو، بوو بە شەو نوور و زوڵمەت هاتە پێش و بۆ سەما پەروانە هات بەرخ و مێ، هێهێی بەران و کاوڕ و شەک بێ حیساب قەند بە خەروار و خەرار و دووبەرەی پڕ شانە هات سەد ژن و سەد پیرەژن، دووسەد کچی نەرم و نیان سەد مناڵی بێکەس و کەسداری دوو ساڵانە هات سەد لە جوو، یەک سەد لە تەرسا، سەد لە ڕەهبانی مەجووس سەد لە گەورەی بتپەرست و سادە ڕوومەستانە هات سەد قتوو ئەنواعی عەتری، سەد لە شووشەی پڕ گوڵاو سەد چەپک خونچە و وەنەوشە و نێرگس و ڕێحانە هات موفتی بۆ فتوا بەنەی، قازی لە بۆ تەحلیلی مەی سەد مودەڕڕیس بۆ ئیباحەی بەزمی ئەم مەیدانە هات بوو بە ڕۆژی جەژن و شادی، وەک جلووسی پادشا هاتی ناری بوو لە سایەی تۆ، کە وا ئازانە هات ++++++++++++++++++++++