شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: بەهاری ناخۆش سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٤٢ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٩٨ و ١٩٩ ی چاپی ئەنیسی و ٣٢٨ و ٣٢٩ی چاپی جەعفەر) شەماڵ هات بۆ لام، سەربەقوڕ، عاجز هەناسە سارد و خەمبار و دڵ کز پێم‌کوت تۆ بۆ وای؟ جاران هەر به غار دەتهێنا موژدەی فەسڵی نەوبەهار! ١ دەبوو زۆر بەشاش، ڕووخۆش و جوان بی هێنەری موژدەی خێڵی گوڵان بی وەڵامی داوه شەماڵ به دزە: هاتم بۆ وڵات به شنه و کزە که موژدەی نەورۆز بێنم بۆ هۆزم چەکوشی گەردوون شکاندی پۆزم دیتم له شیو و لاپاڵ و تەلان دەنگی شیوەنه و واوەیلا و گریان لە سەر چڵی دار هەزاران بولبول وەک مەنجەڵ دەکوڵن، دەدەن قوڵت‌وکوڵ سەد مەجنوونم دی، ڕووتەڵ له شاخان به واوەیلا و شین، به ئاخ و داخان بولبول بۆ گوڵ و مەجنوون بۆ لەیلا وێکڕا دەیانکرد شین و واوەیلا لە بیرم چۆوه پەیامی نەورۆز٢ بڵاوکەمەوه بۆ گەل و بۆ هۆز شێت و شەیدا بووم هێندم خەم خواردن ناچار جێم‌هێشتن، به خودام سپاردن ١. چاپی ئەنیسی نیشانەی پرسیاری لە کۆتایی فەردەکە داناوە. ٢. چاپی ئەنیسی: لەبیرم چووە ++++++++++++++++++++++