شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: من و ئاوێنە سەبارەت: ٢٠٢٥/١٢/١٨ - نووسین: سەعید سەدیق ئێستا هەموو ڕۆژێ کە هەڵ دەستم ئەچمە بەر ئاوێنە و سەیری خۆم ئەکەم بیری ئێستا و کاتی ڕابووردووم ئەکەمەوە جاران لە خوێندنا لە قوتابخانەی سەرەتایی و دوا ناوەندی تا پەیمانگاش هەموو بەیانیەک کە هەڵ ئەستام و ئەچومە بەر ئاوێنە خۆم ڕێک ئەکردوو قژە خورمایە خاوو جوانەکەم شانە ئەکرد هێندەم دڵ بەم دنیایە خۆش بوو لە خۆشیان هەر وەتا نە ئەفڕیم و نە ئەچومە ئاسمان وام ئەزانی ئەم ژیانە تەنیا هەر منی تێدایە وام لێهاتبوو چوو بوومە حاڵەتی سۆفی گەرایەتیەوە هیچ شتێکم بەخەیاڵدا نە ئەهات؟ و وە بیریشم لە هیچ شتێکیتر نەدەکردەوە؟ بێجگە لە گەڕان و سەیران و خۆشی ئەو شوێنەی پێم خۆشبوایە سەردانم ئەکردوو ئەچووم ئەو خواردنەی پێم خۆشبوایە و حەزم لێبوایە ئەم خوارد ئێستا حەزەکان گۆڕاون شوێنەکان وەک جاران خۆشنەماون خواردنەکانیش وە جاران سروشتی نین و تامیان لە دەستاوە ئای ژیان چەن بێباکی دەورانت چۆن ئاوا گۆراون؟ لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەرزە لە کاتی خۆیدا جوانە تەمەنەکانیش وەک وەرزەکانن لە کاتی لاوی و هەرزەکاریدا خۆش و جوان و پڕ چێژن ئێستاکە کە ئەچمە بەر ئاوێنە ئەو کاتانەم بیر ئەکەوێتەوە کە خۆم ڕێک ئەخست و قژم دادێنا سەرم بۆی ئەسوڕاندو خۆم ئامادە ئەکرد بۆ قوتابخانە ئێستا هەر چەنە قژم نەماوە؟ بەڵام لە بەر ئاوێنەدا بەیادی جاران یەک دوو جار هەر شانە بەسەرما دێنم و جارێک بەم لایا و جارێکیش بەلاکەی تردا بە چاوەکانم سەیری شانەکە و سەرم ئەکەم و لە ئاوێنەیا ئەیانبینم هەست ئەکەم ئێستا نەسەر سەری جارانەو وە نەشانەش جێی جارانی گرتۆتەوە وە نەئاوێنەش ڕوخسارم وەک جاران نیشان ئەدا و ئەهێنێتەوە بەر چاوم هەر ئەبێ بڵێین ژیان ئاراستەی گۆڕاوە و شانەش باوی نەماوە ئاوێنەش وەک جاران ڕووئیای نییە و شکڵ و شێوەی گۆڕاوە منیش تەمەنم بەرە و هەڵکشان ئەجێ و خۆشیەکانم لێ وون ئەبن و لێم گۆڕاون ئێستا نازانم لە نێوان من و ئاوێنە شانە و ژیاندا چی شتێ ڕوویداوە و ژیان بۆچی بەو شێوەیە شێواوە؟ ! ++++++++++++++++++++++