شاعیر: هەردی
کتێب: ڕازی تەنیایی
سەرناو: تانگۆی کوردی
سەبارەت: سلێمانی - ١٩٤١ - پێداچوونەوە: بینایی دیدە

تاقانە خونچەکەی باخی ژیانم
 زیندووکەرەوەی ئاواتی بێ گیانم 
 ڕۆشنکەری ڕێگای ژین و مانم
 با لە دەستی ژینی پەستی شار و دێ، شار و دێ
 ڕاکەین و ڕوو بکەینە چۆڵ و هەردێ، ناو هەردێ
 تەنیا، وەک ئاسکۆڵەی کۆسار
 ڕوو بکەینە قەدشاخ و ناو گوڵزار


***


لە قەد پاڵی شاخی هەزار بە هەزار
لە سای سێبەری درەختی ناو گوڵزار
 کونجێ بکەین بە هێلانە و هەوار
 دەست لە گەردن، تاکوو مردن، شۆخ و شاد، شۆخ و شاد
 خەمی دنیا بە ماچ بدەین بە باد، هەر بە باد
 گۆنات، هەڵمژم پڕ بە دەم
 سوور هەڵگەڕێی هێندە ماچی کەم

++++++++++++++++++++++