شاعیر: محەمەد ساڵح دیلان کتێب: دیوان سەرناو: گوڵی ئاوات سەبارەت: نووسین: میدیا ئەى گوڵى ئاوات، گەشەت بێ و پێكەنە نەختێ نرخ و فەڕ بدە بەم چیمەنە گیان پەرۆشى بۆنى ئێوارانتە سەر پەرێشانى پیاڵەى گوڵشەنە بۆمژى جامى لەبا لەب ئاڵتە لێووى ناسۆرم بەبار و وشكەنە بۆ كز و سيس و لوول و بێ گەشەى ڕیشەی تۆرا و تاڵیت هەڵكەنە كوا لە كوێيە بولبولی سەوداسەرت بۆچى بێ ئاواز و يۆزى دەگمەنە گۆڵ وتى ئاسمانى پاكى نیشتمان پڕ تەم و هەورى بەد و ناڕەسەنە وا لەژێر تینى گڕى داگیركەرا هەردەيى ڕەنگينى خاكم رووتەنە هەر زڕەى زنجیر و زرمەى پێوەنە سەیرى پەنجەى دوژمنى تینوو بەخوێن نەو گوڵى لاوان ئەکاتە دەسکەنە من ئەڵێم ئەى گوڵ گەشەت بێ و پێکەنە نەختێ نرخ و فەڕ بدە بەم چیمەنە پێکەنە خوێنى ڕژاوى میللەتم با لەپێ بگرێ ئەوى لێم دوشمنە پێکەنە ئەمڕۆ لەجێگەى دەست و پێ بۆ قەفی زنجیرى دوژمن گەردەنە وا بەخوێنى ئاڵى بێگەردى شەهید شەو ئەڵێى رۆژى ڕەوان و ڕەوشەنە پێکەنە وا تیشکى ڕۆژى ڕاپەڕین هەر لەسەر لووتکە هەتاکو دامەنە تۆ تەماشا بەردى دەستى میللەتم بۆ سەرى مارى ڕژێمى بۆگەنە سەیرى کۆسپى ڕێگرى ڕێگەى خەبات جێگەپاچى میللەت و لووتى شەنە پێکەنە ئەى گوڵ ئەوا ئاسۆى نەجات خۆبەخوێنى ڕۆڵەکانمان ئەڵوەنە موودەبێ هەرها کە ناقووسى بەیان دەنگ و ئاوازى گەيى بەم مەڵبەنە ئەم شێعرە لە گۆڤاری ڕزگاری ژمارە ١ی ٢٠ی نیسانی ١٩٦٩ وەرگیراوە. بۆ یەکەمین جاریش لە ڕۆژنامەی ژین، ژمارە ١١٦١ی ساڵی ١٩٥٣ دا بڵاوکراوەتەوە. ++++++++++++++++++++++