شاعیر: سەعدی عەباسی کتێب: شیعرەکان سەرناو: باوەش سەبارەت: ٢٦ ی سەرماوزی ٢٧٢١ ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی ڕۆژ بە تاسەی باوەشێکی پڕ ئەوین و بێ درۆم شەو لەدوای ئەو خوازە شیرینەم هەدا نادەم بەخۆم گەرچی زۆریان باسی عەشقی بێ سەرەنجام کرد لەلات دێم بە نێوی خوای ئەوین سوێندی ئەوینداری دەخۆم کێ دەڵێی دین دوژمنی هیوا و حەز و دڵدارییە من بە ئاوی کەوسەریش دەسنوێژی دڵداری دەشۆم ئەو دەمەی بێ یارو هاو دەم تێپەرێ لەو ژوانگەیە کاولەیەو بۆن و بەرامی مەرگی لێ دەتکێ لە بۆم زۆر حەزی سامانی دونیا و ژینی شاهانەم نییە باوەشت کۆشک و تەلارە و خۆم لەوێ خاوەن شکۆم تیری زۆردار زۆری زۆر و زوڵمی دەوران دا نیشان بۆیە ئێستاش هەر لەزوڵمی زوڵمەتی شەو ڕەنجەڕۆم تۆش کە نەمزانی حەبیبی، دڵبەری یا قاتڵی ئێستە من بۆچی نیشانەی تیری برژانگ و برۆم؟ باوەش و نەرمی لەش و ماچێکی سەر کوڵمی گەشت بوونە هەڵقە و من لەناویدا وەکوو مەل دەستەمۆم شەوچەلەی یەڵدایە بۆنی مێخەک و سێوی کەوات جەننەتی یەزدانە باغت بۆیە خولیای هاموشۆم دەم بە دەم 'سەعدی' بەقوربانی دەمت بێ گوڵ بەدەم ئەی کە نازانی چەنێ بۆ ماچی ناو دەم دڵ بەسۆم ++++++++++++++++++++++