شاعیر: مەلا مارف کۆکەیی کتێب: دیوانی مەلا مارف کۆکەیی سەرناو: تامەزرۆ سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی لە سۆی گیپە و سەروپێیەک سەرم وەک ساز و سەنتوورە لەبۆ یەک کەشکەک و شەوپاتە، سینەم شیبهی شەیپوورە لەبۆ جەرگ و دڵی خۆشبۆ، بە عەتر و جەوهەری لیمۆ لەمێژە جەرگ و دڵ دەکوڵێ شەبیهی ئاشی سەرکوورە لە حەسرەت ئیشتیاق و ئارەزووی شامی کەبابێکە کە مشکاتی چرای چاوم شەبیهی شامی دەیجوورە بە میزرابی خەیاڵ و تار و یادی تاس کەبابێكە ڕەگ و ڕیشەی وجوودم یەک بە یەک وەک تار و سەنتوورە تەبیعەت گەرچی ڕەنجوورە، قەریحە گەرچی باریکە لەبۆ گۆشتی قەڵەو، ئەعزا هەموو وەک خیگە ئەستوورە لە چێشتی بەربەسێڵ و گۆشتی تازەی بەرخی یەکساڵە کە مەحروومم عەزیزم، چلچرایی دیدە بێ نوورە تەبیب و دوکتورم پاک ئیمتیحان کرد، ئیتیفاقیان بوو: دەوای ئەم دەردە، یا کاوڕە یا گیسکە یا کوورە دەبینم ئەهل و بەیتی کەس نییە لەم شارەدا ئیمڕۆ مەگەر زاتێ بە ئیبنولموهتەدی مەعرووف و مەشهوورە ئەگەر ڕاستت دەوێ پیاوی خەسیس و پیس و دەست قووچاو نەبێ چاکە، ئەگەر بشبێ مەقامی ئاوی ئاموورە وەکوو بیستوومە وەختی بەخشیش و هیممەت، دەر و بامی لە موحتاج و فەقیر و بێ نەوا وەک بەیتی مەعموورە ئەگەرچی (کاکی کۆکی) نیسبەتەن تۆ شاعیری چاکی وەلی چون ئیحتیاجت زۆرە، شێعرت بۆیە مەنفوورە ++++++++++++++++++++++