شاعیر: سابیری
کتێب: دیوانی سابیری
سەرناو: تۆ وەرە ئەی دولبەری ڕوو ئافتاب

تۆ وەرە ئەی دولبەری ڕوو ئافتاب
لاوەکە بێ پەردە و ناز و عیتاب


بێرە سەرینم مەرەزم تێبگە
وا لە فیراقت جیگەرم بوو کەباب


وا لە غەمی دووری تووە کەوتووم
نەک حوکەما، قابیز ئەکا ئیجتیناب


ڕەحمی خودا بێنە دڵ و بەسیەتی
میحنەت و دووری و فیراق و عەزاب


سەد کەڕەتم دەربکەی و دێمەوە
تۆ کە میسالی عەسەل و من زوباب


دەرد و غەمت حاسڵی عومری منە
وەرنە سەوابم نییە عیندەلحیساب


عەکسی گوڵی ڕوومەتی تۆ باعیسە
وا کە سروشکم بووە عەینی گوڵاب


عاشق و غەمبارم و چاوت شەراب
خەستە و تادارم و لێوت عەناب


فەرموو ئەگەر جان و دڵت پێدەوێ
حازرە سابیر لەبۆ ڕەددی جەواب

++++++++++++++++++++++