شاعیر: سەعدی عەباسی کتێب: شیعرەکان سەرناو: دار سەبارەت: ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی هاوڕێی شیرین وەرە ئەمجار ببین بەدار... بەڕوو، بی، شۆڕەتوو، چنار... . هەر کامەی کە تۆ پێت خۆشە... چەندی خۆمان کرد بە گوڵ و بە نەرمە زریان هەڵوەراین... یا بەدەستی هەرزەکارێک هەڵپساین و بووین بە پێشەکی ماچێکی تامەزرۆیی لەپای جێژوان... چیمان لێ هات؟ سیس و ژاکاو، پەلکی بێ گیان دوای ئارەزوو پێشێل کراین... هاوڕێم بەسە..! وەرە ئەمجار ببین بەدار... بەڕوو، بی، شۆڕەتوو، چنار... هەرکامەی کە تۆ پێت خۆشە... تەنیا وەرە ببین بەدار... چەندی خۆمان کرد بە گوڵ و بووین بە دیاری بۆ کاتێکی دیاری کراو... چیمان لێ هات؟ هەندێکمان بووین بە پێخوستی کتێبە پیر و لەبیر کراوەکان، هەندێکیشمان؛ بووین بە ئاودەنگی گۆڕستان... ! ئاودەنگییەک بۆ گۆڕستان... ! بێ ئەوەی کەس بمان بینێت، بە بێ ئەوەی بۆنمان بکەن... چەندی ئێمە خۆمان ڕەخساند، جوانیمان بە سرووشت بەخشی، دڵی بولبولی دڵداری خۆش ئاوازمان لە خۆ ڕەنجاند... چیمان لێ هات... ؟ لە ئاکامدا گوڵە نایلۆنە هاتنە دی و بەعەتری ئێمە خۆش کران و خۆیان نواند..! ماندووم هاوڕێم... ! لەوەی لە لق جیا ببمەوە و لەجیاتی ئاونگی جوانی وەخۆ بگرم بچمە ئامێزی ئاوێکی وەک خۆم دیلی ناو شووشەیەک... لەجیاتی ئاونگی جوانی وەخۆ بگرم... ! وەرە ئەمجار ببین بەدار... هەردارێکی تۆ پێت خۆشە... بەڕوو، بی، شۆڕەتوو، چنار... . وەرە با ببین بە دار و بە ناخی عەردا ڕۆ بچین... سەقام گیر بین، لق و پۆ لە خۆمان دەرکەین پەل ئەستوور کەین... بژین و بژێنینەوە... ئێمە دەتوانین هەزاران گوڵی وەک خۆم و خۆت دەرکەین سرووشت بڕازێنینەوە... دەتۆانین ببین بە جێژوان، یاری بکەین لەگەڵ زریان... دەکرێ هاوڕێم ئێمە ببین بە کتێبێک بۆ باسی مان، باسی ژیان... ! ڕەنگە بکرێ ببین بە کێلی گۆڕی گوڵێکی سیس و لە بیرکراو؛ بەڵام با سەو ز بڕوانین... هەر وەرزەی جۆرێ بنوێنین... پڕ گوڵ و بۆنی ئاشنای ئەوینداری هێلانەی سەدان باڵندەی دەرکراوی بێ دەرەتان دەتوانین ببین بە جێژوان یاری بکەین لەگەل زریان وەرە هاوڕێم ببین بەدار... هەر دارێکی تۆ پێت خۆشە... ++++++++++++++++++++++