شاعیر: عورفی کتێب: دیوانی عارف عورفی سەرناو: پەرێشانە دڵم بەخوا بەدەستی داو و تەزویرت پەرێشانە دڵم بەخوا بەدەستی داو و تەزویرت چ فکرێکت هەیە قوربان بفەرموو ڕای و تەدبیرت فەقیرە، بێکەسە، مەزڵوومە، توخوا وازی لێ بێنە ئیتر بەس بێ، بکە خێرێ لەڕێگەی باو و باپیرت گوناهی چی بوو، نازانم خۆ هیچ کەعبە نەڕووخاوە هەتاکەی هەر بمێنێ دڵ ئەسیری بەندی زنجیرت تۆوە دائیم مەزرەعەی غەم تا بچێنی بۆ منی مەزڵووم منیش بێ جەبر و تەکلیف ئەی عەزیزم ئەبمە ئاوێرت ئەوەندەی من تەعریفی قەد و باڵات ئەکەم ئاخۆ بووە مەعلووم کە دڵگیری وەیاخۆ بۆتە دڵگیرت پەشێوە شێوەی خورشید و ماه شێوەت تەماشا کەن پەشیمانی ئەکێشن ماه و خۆر گەر بێنە تەعبیرت چ شێخێکە ئەوەی تۆی وا نەسێحەت کرد بۆ ئەم غەدرە بەسە دەس هەڵگرە سۆفی بە حەققی حەزرەتی پیرت ++++++++++++++++++++++