شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: لێرە بڕۆ سەبارەت: ٢٤ سەرماوەزی ٢٧١٥ - نووسین: ڕاژۆر ئەی نێچیری بێ هێزی خاو ئەی ئاوێنەی هەموو چاوەڕوانییەکان ئەی پەپوولەی دڵسووتاوی ئەوینداری ئەی باڵندەی باڵ شکاوی بڕوا مردوو و خۆزگە کوژراو سەربەخۆی کەلەپچە کراو تینووی سەرمەست لە خەیاڵی دڵۆپێک ئاو لە قووڵایی چاوەکانت چیرۆکی شەو بێدارییەکان لە دەستی زرو و گرساوت ژیاننامەی حەک کراوی چەوساوەکان هەژارییەکان لە ئەسرینی گەشی گیانت زەریای خەم و سەحرای خەفەت لە خانووی بێ دەرگای دڵت میوانداری بنەماڵەی تەنیاییەکان هیوات بە مانەوە نەبێت دڵت لەت لەت کۆ بکەوە بیخە نێوان جانتاکەت و لێرە بڕۆ خولیات گەڕانەوە نەبێت هێندە بڕۆ و دوور بکەوە هەتا بگەیتە ئەو شوێنەی بە قەد ڕێخێک بۆنی ئێرەی پێوە نەبێت ++++++++++++++++++++++