شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: مەدحی ئەگریجەی پەشێو و چاوی مەست و پڕ خومار
سەبارەت: دوای حوکمی زاتی کردن

مەدحی ئەگریجەی پەشێو و چاوی مەست و پڕ خومار
کوڵمی سوور و خاڵی شین و لەعلی لێوی ئاودار


وەسفی باڵای دڵ پەسەند و گەردنی بێ گەردی یار
پێم بڵێن ئێوە و خوا ئەی قەومی کوردی شووم چار


بۆچ دەوامی کرد لە ناو ئێمەدا وەک باسی مار


بۆچ لە ناومانا نەبوو خاوەن عولووم و حیکمەتێ
هەڵ نەکەوت کوردێ بکات ئەو کەسبی فەنن و سەنعەتێ


کۆمەڵێکتان ڕێک نەخست بۆ یەکێتی و میللەیەتێ
دائێما جاسووسی ئەم بیرەن لە کوێ بێ عوشرەتێ


گشت خەریکی سینەما و تیاتر و سارا لە شار


کوردەکان ئێوە بەڕاستی گوێ لە من کەن دەفعەیێ
ئەم قسانە من ئەکەم تو خوا مەڵێن مەجبوورییە


بەزلی پارە و ماڵ و سەروەت گەر بزانن زیادەیە
ئەم هەموو ئاڵتوون و پارە با بخەینە جێگەیە


مەعمەلێکی پێ بسێنین بۆ تورەققی و ئیفتخار


وا سیتەی سەرکەوتن و پێشکەوتن قەوم و وەتەن
تا بڵێم پێتان ئەگەر ئەبیسنو و نامکەن بە پەن


ئەووەلا دەفعی نیزاع و خائینی لێل یەک مەکەن
دووهەمینیش مەکتەب و تەحسیلی کەسبی عیلم و فەن


سێ هەمینیش ئیتتفاق و یەکیەتی و قەول و قەرار


با بلێم پێتان بە ڕاسی ئەی گوروهی قەومی کورد
سەد کەڕەت بێژن ئەمە شێتە و جنۆکە دەخڵی کرد


یا نەمێنێتو لە شار بیدەنە بەر دار و بەرد
پیاوەتی و هیممەت لە پاش بابان لە ناوی ئێمە مرد


بۆیە ئەمڕۆ بەرشەقین و بێ دەس و بێ ئیعتبار


هەر دەبێ کورد بێ لە عالەم دا بە کورتی ناو برێ
تاکو دونیا ئاخری تێ ڕۆژ بە ڕۆژ تێی هەڵدرێ


گەورەو و ئەدنای بە یەک چاو و نەزەر سەیری کرێ
هەر کەسێ بێ حاکمی بێ تا وەکوو ڕیشەی دەرێ


کەی بێ خوێنتان بێتە جۆش و غیرەتیشتان بێتەکار


گەر بە شوێنی موستەقبەل و حوڕییەتدا ناگەڕێین
چەند ئەدیب و چەن شەریفێ بۆ خوا سا ڕاپەڕێن


هەر وەکوو مینە بە شوێن ئەم غایە و بیرا گەڕێین
حەققی خۆتانە، مەترسن، حەققە خۆ سەر نابڕێین


ئیستیقلالێکی زاتی وەرگرین گشت کورد دیار

++++++++++++++++++++++