شاعیر: ناسیح ڕەحیمی کتێب: دیوانی شیعر سەرناو: نەقشی لەب سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی تا کەی بە خەیاڵی دەمەکەت، دەس بە دوعا کەم؟ تاکەی بە قەڵەم، شانەیی زوڵفت، بە سەرا کەم؟ من شاعیری باڵای قەد و ئاڵای دڵ و گیانم تاکەی وشەیی نوێ بە سەراوی تەمەنا کەم؟ چاوت لە حەرامی مەی و ماچی لەبت ئێژێ؟ کەی بێت بە حەلاڵی لەبی یارم بە دەوا کەم؟ ئەمڕۆ کە دڵم ژوانی لە سەر دایە بە قوربان ئەکرێ ببم و نازی سەداکەت بە نەوا کەم؟ سەرداری خەیاڵم کە لە دوور دیم ڕەشی زوڵفت کەی بێت و لە بۆنی قژەکەت، عەترێ هەوا کەم؟ شەو هات و لە بارانی دو دیدەم ئەسەرم دی تا سێبەری زوڵفت لە بەری شەو بە کەوا کەم! زانیم کە خودا نەقشی لەبی تۆی بە شەڕاب دا تا مەی بە لەب و لەب بە حەی و حەی بە خودا کەم ناسێحە کە بەندەی دەسی تەقدیر و قەزایە تاکەی بە نساری دڵی خۆم؟ نوێژی قەزا کەم! ؟ نەمزانی هەمووی باسی خەزانە، بە دڵم هات هەر بێم بە خەیاڵێ دڵی خۆم، جیا لە گەڵا کەم ++++++++++++++++++++++