شاعیر: سابیری
کتێب: دیوانی سابیری
سەرناو: ئەی نووری ڕوویی پاکت خۆراک و بەرگی ناسە

ئەی نووری ڕوویی پاکت خۆراک و بەرگی ناسە
شەمس و قەمەر زیایان لەو نوورە ئیقتیباسە


ھاواری ڕووت و برسی، ئاڵایە عەرش و کورسی
ئیحسانە گەر بپرسی، ئەسبابی ئەم ئەساسە


عالەم کە نیوەسووتە، سووتاوی شەمعی ڕووتە
عینوان و ئارەزووتە، بێ حوڕمەت و کەساسە


سەر بێنە باڵەخانە، غەوغایی عاشقانە
خورشید و مانگ نیھانە، بە دووکەڵی نەھاسە


عاشق دڵی برینە، ھەناسەی ئاگرینە
شەو خەوتنی گرینە، بە ڕۆژ خۆری لیباسە


عاشق بە سۆز و گریان، دێوانە ڕووت و عوریان
ئازار و دەردیسەریان، ئاسایش و کراسە


فەرموودەیی حەکیمە، ھەرکەس دڵی سەقیمە
موعالەجەی عەقیمە، تا ئاخری ھەناسە


ناس ئینتیزارە دائیم، میسلی ئازانی سائیم
بۆ دەفعی لەومی لائیم، جارێ بڵێ چ باسە؟ 


ھەرکەس بچێتە مەکتەب، ئاخر ئەگاتە مەتڵەب
سابیر ئەگەر موخاتەب، پیری خوداشوناسە

++++++++++++++++++++++