شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: ئاوێنە سەبارەت: ٧ خەزەڵوەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر کە سەیری ئاوێنە دەکەم لە پێش ئەوەی خۆم ببینم لە بۆشایی نێوان خۆم و ئاوێنەکە تارماییەک ڕاوەستاوە ئەلبۆمێکی کۆن و چڕاوی لە دەستە پڕ لە وێنەی مێژووی مۆن و ڕابردووی تاڵانکراوە پاش ئەو نیگارەی گۆڕستانێکە کە هەزار کێلی تێدایە کە سەرنجی نێویان دەدەم لە ئاواتی ژمارە یەک هەتا ئاواتی هەزارەم لەو گۆڕخانەدا نێژراوە لە ناکاو ئاگرۆکی ڕیالیزم هەڵدەکات و جەستەی دارستانی خەیاڵ لە ئامێزی خۆی دەگرێت و دەیسووتێنێت لە دواییدا ئیتر منیش کە یەخسیری بیرەوەریم بە بێ ئەوەی سەیری خۆم کەم ماندوو ماندوو دەخشێمە سیلەی دیوار و تەنیایی لە باوەش دەگرم و لە سەر شانی بێ کەسی خۆم تێر تێر ئەگریم. ++++++++++++++++++++++