شاعیر: ژیلا
کتێب: گەشەی ئەوین
سەرناو: سەمای مەرگ
سەبارەت: بۆ هەڵەبجە

باوەشم کرد بە باڵای خەمەکاندا و
توند توند بە خۆمەوە نووساندن
یەکە یەکەی ئەو خەمانە باسی تۆیان بۆ ئەکردم. 
ئەوەی کە باسی کوێر بوونی چاوی کردی
ئەوەی کە باسی تینوویەتی ئاوی کردی
ئەوەی وتی: 
سووتای، سووتای، ڕەش هەڵگەڕاو
لە مێژوودا وەک تانە، وای
بە نێوچاوی جەلادەوە
بۆ ئەو کەسە خاوەن بیرە
ئاڵای... ئاڵای. 
دوایین کاتی هەڵقرچان و هەڵلەرزین و سووتان گەیشت
باوەشم توندتر کردەوە خۆشم سووتاند. 
خەمەکانم بەسەر کڵۆ خەڵووزی لەشما
سەمای مەرگ و کۆڕی شیوەنیان ئەگێڕا
بڵێسەیان ئەخستە نێو دارستان و
لەو دەمەدا! ئەرێ... ئەرێ لەو دەمەشدا
خێرا... خێرا مژدەی بەیانیان ئەهێنا.

++++++++++++++++++++++