شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: یارە تو خوا پێم بڵێ تۆ چیت کە مایەی ژینمی یارە تو خوا پێم بڵێ تۆ چیت کە مایەی ژینمی باعیسی هێزی هەناو و لاشەکەی بێ تینمی تۆ نەبی هیچ کەس منی ناوێ چ بێگانە چ خوێش جا کە وا بێ تۆ کەسوکار و برای شیرینمی سەد هەزار عەیبم هەبێ تۆ دای ئەپۆشیت یەک کەڕەت باعیسی سەربەرزی و سەرمایەیی تەمکینمی تۆم ببێ ئەچمە حەج و هێند خێر ئەکەم بچمە بەهەشت ڕابەری دڵسۆزی ڕێگەی ڕاستی دنیا و دینمی گەر نەخۆش بم ئەمبەیە لەندەن تەداویم زوو ئەکەی مەڵحەم و دەرمانی زامی جەرگەکەی خەمگینمی تۆم نەبێ چۆن یار لە ماڵ بۆم دێتە دەر بێ ترس و خۆف تۆی کە مەحبووبەی عەزیز و یارەکەی دێرینمی ++++++++++++++++++++++