شاعیر: ناسیح ڕەحیمی کتێب: دیوانی شیعر سەرناو: وەرە دووبارە بت بینم سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی بە یادی تۆ غەزەڵ پێی گرت، وەرە دووبارە بت بینم بە دڵ هات و لە دڵ جێی گرت، وەرە دووبارە بت بینم نە نە ئەم عەشقە لە بۆ جیایی، نە من لایق بە تەنیایی خواوەندی گەشە و شایی، وەرە دووبارە بت بینم دڵم تەنگی نەبوونی بۆت، دڵم گەرمە بە نانی جۆت دەمێ بشکێن غرووری خۆت، وەرە دووبارە بت بینم نە نازی تۆ بە شێعر ئەکرێ، نە چاوی من بە دڵ ئەگرێ ئەگەر چاوت بە چاو ئەبرێ، وەرە دووبارە بت بینم دڵم سەرگەردی باڵاتە، سەرم گێژی خەیاڵاتە وشەم ژێردەستی ئاڵاتە وەرە دووبارە بت بینم نە تۆ دڵداری عەییاری، نە من سەر شێتی بازاڕی کە بارانی ئەوین واری، وەرە دووبارە بت بیتم قەڵەم سەیری قژی تۆی کرد، وشەی هێنا و دەسەمۆی کرد کە تۆ ڕۆیشتی ڕۆ ڕۆی کرد، وەرە دوبارە بت بینم ئەگەر بێ گیان ئەگەر حەیوان، ئەگەر ئادەم ئەگەر شەیتان ئەتۆی چارەی دەسی نسیان، وەرە دووبارە بت بینم بلوورە سازی سەربازت، منم ناسێحی بێ نازت ئەگەر نەمرم ئەکەم سازت، وەرە دووبارە بت بینم ++++++++++++++++++++++