شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: زەلکاوی پەژارە سەبارەت: ٢١ ڕەزبەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر من ئێوارەی خەمداگرتووی ڕۆژێکی پڕ لە هیلاکیم باڵدارێکم بە بێ ئەوەی هێشتا تێبگەم لە فڕین لە هەڵدێری ڕوو بە مەرگی چارەنووسی تاڵی زەمەن داکەوتم و ڕاچەڵەکیم نە هاتنم ئەستێرەیەکی ڕۆشن کرد نە هەبوونم چرۆیەکی گەشانەوە نە ڕوویشتنم گژ و گیا دەهەژێنێت ئەی بۆچیمە ئەم ژیانە کاتێک خۆیشم نازانم چیم؟ وێنەی سواڵکەرێکی مل کز وا گریان و بێ دەسەڵات نووڵنجی داوە و نیشتووە لە پای دیواری ئارەزوو منیش هەتا چاوم هەبێت لە ئەم دێوی ئەم پەرژینەو سەیری باخی داڕزاو و ژاکاوی ئاواتم دەکەم چرکە و خولەک وەکوو بڵێی هەرای جەنگە هەر ڕوویشتن و هەر دەڕۆن و هەر ڕادەکەن تاقمی ناخۆشییەکان هاتوون بۆ پرسەی جەستەی من ئاخ کە چەند وەفادارن خەم و خەفەت هەتا دەستی برادەریت لە گەڵ بدەن پاش مەرگیشت لە دانیشتنێکی ناوخۆدا هەر بە چاکە نێوت دەبەن خۆزگە خۆشیش دەهاتە سەردانی دڵم لە مێژە یەکیان نەدیوە ناشێ یەکدی بناسنەوە بەڵام چیتر گرنگ نیە چونکوو ئەم خەونە پەشێوە لە نێوی هیچ خاونامەیەک شڕۆڤەیەکی بۆ نییە خەیاڵێک لە لام نەماوە تەنیا ئەوەی کە ڕۆژ و شەو بە خۆم دەڵێم ئاخۆ دەبێت لە جێگای ئەم هەموو چاوە کە سەیری ڕسیانم دەکەن دەستێک هەبێت دەرم بێنێت لە ئەم زەلکاوی پەژارە؟ ++++++++++++++++++++++