شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: چیرۆکی داری نیشتمان سەبارەت: دووشەممە ٧ ڕەزبەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر هێزم بدە تا چیرۆکی ژیانی خۆمت بۆ بڵێم من دارێکی بە تەمەن بووم سەربەرز، سەرسەوز و سەرفراز سەربەرز تر لە هەموو چیاکان سەرسەوزتر لە باخ و بۆسان سەرفرازتر لە مانگی چواردەی ئاسمان داوێنم پڕ بوو لە ئەوین لە خۆشەویستی و پێکەنین لە عەشق و دڵداری و وەفا لە میهرەبانی و لە سەفا لە سەربەخۆیی و سەربەستی لە هەڵپەرکێ و لە سەرمەستی گەردوون عەشقی کرد خەڵاتم خۆر هێزی دا بە ئاواتم کۆرکەم، ڕیشەم، لقم، گەڵام هەموو پێکەوە دڵخۆش بوون دەژیان بە بێ کێشە، بەڵام ڕۆژێک کە تار بوو وێنەی شەو خودا هەڵنەستابوو لە خەو دەستی ئیستبداد و ستەم بە تەورێکی لە خۆم بەرهەم بە یارمەتی چاوی کۆیلە بە هێزی ئەژنۆی پڕ هیلە هات و دەستی کرد بە لێدان دەیدا لە جەستەم بێ وچان لقمی جیا کردەوە لێم گەڵای لە گیانم هەڵوەران کۆرکەمی فڕێ دا لایەکەو تاڵ تاڵ دەری هێنا لە خاک ڕیشەی خەڵات بەخشی ژیان تەم و تاریک بوو لە ناکاو ڕووناکی دیدەی ئاسمان هەور بۆ ئەم جیابوونەوە فرمێسکی خوێنی دەڕژان فریشتەکان بۆ ماوەیەک باڵیان ڕاوەستا لە لێدان قەت زەوینیش بۆ چرکەیەک شکاندی نەریتی گەڕان بەڵام ئەوەی کە زوڵم و خەم تێنەگەیشتن و نەیانبینی یەکگرتن بوو کە ئەیدرکان ئازادی بوو کە قەولی دا بێتە ڕێبەری ڕێگەمان سەربەستی بوو کە ڕایشکاند ئاڵای بە هێزی بەرخۆدان *** بە جەستەیەک بریندار و دوو چاوی تەڕ تەڕ لە گریان دەڵێم کە عالەم بزانێت دووبارە یەک دەگرینەوە ئازادی نزیکە لێمان دووبارە چوار دەبێت بە یەک سوێندم بە خاکی کوردستان ++++++++++++++++++++++