شاعیر: سابیری
کتێب: دیوانی سابیری
سەرناو: نیگارا چاوی مەستت عالەمی گێڕا بە مەخمووری

نیگارا چاوی مەستت عالەمی گێڕا بە مەخمووری
وە ھەم بەو چاوە بیمارە شیفایی دەرد و ڕەنجووری


شوعاعی مانگ و ڕوخسارت شکستی دا بە مانگ و خۆر
بە نووری حوسنی بێ چوونت کە تۆ سەر تا قەدەم نووری


بە ئاھ و شیوەن و سۆزم بە چاوی سوور و ئاڵۆزم
وەھا وێرانە خانەی دڵ نەما ئومێدی مەعمووری


گەدایی ئاستانت خۆشترە بۆ من لە پاشایی
بە ئومێدی کە ڕۆژێ پێ بەسەرما نێی و ڕابووری


وەرە ئەی دڵ قەڵاتەی بەندەگی شاھت لە گەردن کە
وەسیقەت تا نەبێ زەحمەت قەبووڵت کەن بە مەئمووری


لە قەول و فیعلی شەیتانی لە خوڵق و خوویی حەیوانی
موبەڕڕابە کە ئینسانی، چ نادانی و مەغرووری


جەراحاتی دەروونی سابیری ساڕێژ ئەبێ ڕۆژێ
کە تۆ دانێی یەدی بەیزا لە سەر سینەی وەکوو تووری

++++++++++++++++++++++