شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: وەکوو فەرهاد
سەبارەت: کانی‌بەن، ١٣٣١ی هەتاوی - (لاپەڕە ٧٥ ی چاپی ئەنیسی و ١١٣ ی چاپی جەعفەر)

به وتاری وەکوو قەند، تووتیی شەککەرشکەنم
به چپەی خۆش و ورنگ، بولبولی باغ و چەمەنم

بێ‌موحابانه‌ و پەروا١ دەگەڕێم و دەگریم
شەمی هەر کۆڕم و پەروانەیی هەر ئەنجومەنم

گەنجی تەبعم که لە نێو کونجی دڵا دیوەتەوە
هەمه سەرمایه، شوکور خاوەنی بەیتولحەزەنم

له ژیان گەر نییه بەند دەستی شکاوم، چاوم
چاوەڕێی خوێندنی یاسین و بڕینی کەفەنم

وەکوو فەرهادی بە با چوو هەموو ڕەنج و کارم
بێستوونی خەمی دڵ هەر به موژان هەڵدەقەنم

سەری خۆی ناوه 'ئیمامی' وەکوو مەجنوونی هەژار
هەر دەڵێ شێتم و ئاوبردەیی دار و دەوەنم


١. چاپی ئەنیسی: بی موحابانەوە و پەروا (دەبێ هەلەی تایپ بێت).

++++++++++++++++++++++