شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: نەورۆز سەبارەت: ‌بەریتانیا - ٢٠٢٥/٣/١٨ - نووسین: سەعید سەدیق نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە هەموو کوردان پیرۆز بێت هیوادارم لەم ڕۆژە دێرین و پیرۆزەدا کات و ساتێکی خۆشتان هەبێت ئەم شیعری نەورۆزەشتان پێشکەش بێت ‌ ‌ئەی نەورۆز هاتی بان دوو چاوانم ‌ئەی یاد کەرەوەی جەژنی کوردانم ‌یادت ئەکەم گەرچی یادم کردووی ‌لە هەر شوێنێ بێ گڕڕم بۆ ناردووی ‌بەهار بە تۆ وە خۆشی هێناوە ‌دەشت و دەرگشتی جوان و ڕازاوە هەر ساڵە و نەورۆز گۆڕانێک دێنێ بزانین ئەمساڵ چۆن خۆی ئەنوێنێ؟ ‌بە هیوام ئەمساڵ گڕت بەتینبێت ‌لە ساڵان زیاتر یادت پیرۆز بێت ‌ژیانی یەکسانی و پڕ لە سەربەستی ‌بۆ لە مە و دوا بێ بێ خۆ پەرستی ‌دە با ئازادی سەر چۆپی بگرێ ‌ڕێی چەوسانەوە و بێدادی بگرێ ‌ئەو ژیانەی هاتوو ڕۆیی و تێپەڕی ‌کولە مەرگی بوو بۆخۆی هەڵوەری ‌گەلێ باخچەی وڵات بێ لق وپۆپکران ‌گەلێ گوڵی جوان تیا هەڵ پڕوکان ‌گەلێ پیر و جوان مناڵی ساوا ‌لەخوێن خەڵتێنران وا بەناڕەوا ‌بۆ چی کەس نەبوو لێمان بپرسێ؟ ‌شەرمەزارییە مرۆڤ ئاوای بەسەربێ ‌کوا ماف دادپەروەر لە چ شوێنێ؟ ‌کە ئەڵێن هەیە با بۆم بسەلمێنێ! ‌بەڵام داخەکەم بێ خاوەنی یە ‌ئەم جیهانەیە کەس ئاگای لێنیە. تێبینی // ئەم شیعرەم کاتی خۆی بۆ جەژنی نەورۆز نوسی و لە ساڵ و بەرواری ٢٠١٢/٣/١١ دا لە فەیسبوکی خۆمدا بڵاوم کردۆتەوە ئێستاش بەکەمێ زیاد کردن و دەستکاریەوە بە پێویستی ئەزانم لەم بۆنە دێرین و پیرۆزەدا بڵاوی بکەمەوە هیوادارم جێگای ڕەزامەندیتان بێت. ++++++++++++++++++++++