شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: هەڵەبجە سەبارەت: بەریتانیا - ٢٠٢٥/٣/١٢ - نووسین: سەعید سەدیق ئەی هەڵەبجە خوێناویەکەم ئەی شاگوڵ و نێرگزی بەهارەکەم ئەی شارە پەراوێز خراوو بێ نازەکەم تۆ بوی یەکەم گزنگی خۆری ئازادی تۆ زامێکی قوڵی تیمار نەکراوی ئەم جیهانەی پەڵەی ڕەشی بەنێو چەوانی ئەم جیهانە بێخاوەنەی ئای لەو بێ ویژدانیە و کارەساتەی بەسەریان هێنای دار و درەختت وشک بوو ژینگەت پیس بوو باڵندە و گیاندارت هەمویان مندارەوە بوو ئاوو کانی و کانیاوت داڕوخان و وشک بوو ئاسمانیشیت ڕەنگی گۆراو لێڵ و تەم بوو خاکت خاپور خەڵکانت بێسەرو شوێن بوو تۆ بوی یەکەم بێشکەی لەدایک بونی مناڵان..مناڵانی وەئاگا نەهاتووی خەواڵووی بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەی مناڵانت چیان لێهات و بۆ کوێ چون؟ ئەی کوا پیاوانی دنیا دیدەت؟ ! کوانێ لاوانی بەوەفا و ژیرت؟ کوا کچۆڵانی ئاشق و سەربەستت؟ ئەی هەڵەبجە تۆ بوی دەنگت نەگەیشتە جیهان! بەو هەموو وێرانیەتەوە بەو هەموو وەرینەی گەڵای زەردی پایزتەوە بەوەرینی ئەو هەموو گوڵ و خونچانەتەوە بەوەرینی هەموو پەڕەی گوڵە ژاکاوەکانتەوە ئەی هەڵەبجە خۆ تۆ کەشتی تایتانیک نەبوی! تۆ تەقینەوەکانی ئەمریکا بینای بازرگانی و پینتاگۆن نەبوی تۆ زریان و باو بارانی باشوری ئەمریکا هەریکا کاترینا نەبوی تۆ بومەلەرزەی باشوری ڕۆژ هەڵاتی ئەفغانستان نەبوی تۆ بومەلەرزەکەی باشوری ئاسیا پاکستانیش نەبوی ئەی هەڵەبجە برینی تۆ لەهەموو ئەو برینانە قوڵتر و گەورەتر بوو خوێناوی و دڵبزوێن و کاریگەرتر بوو قوربانیەکەی تۆ (٥٠٠٠) هەزار پەپولە و کۆتری ئاشتی بوو لەبەر ئەوە تۆ دەستە خوشک و برای هێرۆ شیماو ناگاساکی و گەلی ڤێتنام بوی. تێبینی // ئەم شیعرەم لە ساڵ و بەرواری (٢٠١٣/٣/٢)لە فەیس بوکی خۆمدا بڵاوم کردبۆوە بۆ ڕۆژی کیمیا بارانی هەڵەبجە کە (٣/١٦)یە ئەمڕۆژ بەیادی ئەو ڕۆژە و ئەو کارەساتە خەمناکەوە بەدەستکاری و زیاد کردنی چەند کۆپلەیەکەوە بڵاوی ئەکەمەوە؟ سەری ڕێز و نوازشم دائەنەوێنم بۆ قوربانیانی کیمابارانی هەڵەبجە ڕوحیان شاد و ئاسودە و ئارام بێت. ++++++++++++++++++++++