شاعیر: بابە
کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
سەرناو: ئەی چەرخ بڕانەوەی نییە قەت قەھر و جەورەکەت
سەبارەت: بۆ شینی فایەق بێکەس - ١٩٤٨/١٢/١٨

ئەی چەرخ بڕانەوەی نییە قەت قەھر و جەورەکەت
دەرحەق بە کوردی قوڕبەسەر و نیشتمانەکەی


جارێ بە کەیفی ئەو نەگەڕا پێچ و دەورەکەت
ڕوحمت نییە بە خۆی و بە یانەی وێرانەکەی

***

ھەر نیشتمانپەرەستێ کە ناڵە و فوغانی بێ
گورج ئەیکوژێت و نایەڵێ ساتێ ئامانی بێ


فایەق شکۆفەیێ بوو کوتوپڕ گەشایەوە
ھەرچەند چرایێ بوو بە ھەوایێ کوژایەوە


دونیای لە نوور و ڕائیحە پڕ کرد بە شیعری تەڕ
پڕ نوور و عەترە، بە ئاساری، دەشت و دەر


بێکەس! گەیشتە عەڕشی بەرین ناڵە ناڵەکەت
داخم، فەلەک، بە تیری ئەجەل دای لە باڵەکەت


ئەو شیعری پڕ جۆش و خرۆشە کە لاوەکان
ئیلھامی مەرگ و مردنە بۆ ژین و ژیان


ئەیخوێننەوە بە بەستە، بە نەشئە و حەماسەوە
دوژمن دەخاتە لەرز و ترس و ھەراسەوە


تۆ شینی نیشتمان و وەتەن شینی تۆ ئەکا
تۆ دایکەڕۆتە بابە، وەتەن ڕۆڵەڕۆ ئەکا

++++++++++++++++++++++