شاعیر: ویساڵی
کتێب: دیوانی ویساڵی
سەرناو: گاڵۆکێکم بوو چ گاڵۆک گاڵۆڵێکی زۆر عەجیب

گاڵۆکێکم بوو چ گاڵۆک، گاڵۆڵێکی زۆر عەجیب
قەت لە دنیادا جارێکی دی نابێتۆ هی وا غەریب


مەجلیس ئارا بوو وەکوو گوڵ شوعلەبەخشی جان و دڵ
بۆ دەوای دەردی نەخۆشان میسلی دەرمانی تەبیب


یاخوا هەر چی ونی کرد و کەوا نەیدامەوە
پێی نەهێڵی یا ئیلاهی سەبر و ئارام و شەکیب


من ئەزانم کێ دزی لێم ساعەتەن ئەو گاڵۆکە
چونکە مەعلوومە خراپە ڕەسمی بەدکارە و ڕەقیب


تا ئەتوانی خۆت لە بەدکار و ڕەقیبان لا بدە
زۆر کەمە چونکە ئەوێستا مەرد و دانا و نەجیب


مەقسەدم لەم شیعرەدا تۆفیقی من ناوی نییە
ئیمتیحانم کردووە چون چاکە بێتە هەم لەعیب


ئەی ویساڵی تەعزیە زۆر لازمە بۆ گاڵۆکت
بەڵکوو خوا ڕەحمێ بکا بە منی ئەسیر و دڵ شەکیب

++++++++++++++++++++++