شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: خولیا سەبارەت: دووشەممە ٧ ڕەزبەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر کاتێ جەستەم نوقمی هەستی گەرمی دەستانت دەبێ دڵ دەڵێ ساتێک بنوو، با لەم خەوە شیرینه هەستانت نەبێ گیان دەبەخشم بۆ ئەوەی یەکدەم لە باوەش بتگرم دیدە خوێنینە، وەرە با ئەشکی ڕوون بۆت هەڵوەرم تیشکی خۆری چاوەکانت سەد خەزان دێنێتە لەرزە کۆڵەکەی ماڵی هەژاریم بێ هەناسەت لۆخ و هەرزە شوێنی هەنگاوت بە سەر کۆڵانی دڵ ماوە، بەڵام لێم گەڕێ با هەر دەمارێکم لە بۆت کەم بە شەقام بێرەوە با ئەم پەژارە چۆڵی کات ژووری دڵم تۆ جەفا کە، من ئەسیرت بم لە پارێزگای زوڵم تۆ بە تیری تیژی برژانگت دڵم کون کون بکە تۆ بە تاڵ تاڵی قژت جەستەم لە سێدارە بدە گەر ستەم کەیت، بمڕووخێنیت، بمکوژیت، بەندم بکەیت مەرجە دەرناچێت لە دڵ عەشقت، مەگەر ڕۆحم ببەیت ++++++++++++++++++++++