شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: گۆرانیی سەرچنار ئاوەکەی سەرچنار چاوگەکەی نیشتمان لای منی دەردەدار تۆی شیفابەخشی گیان *** یەک دڵۆپ ئاوی تۆ گەر بگاتە دەمم لائەبا بێ درۆ دەستبەجێ گشت غەمم *** سەیر ئەکەم پڕ بەهەشت خاوەنی چیمەنی بۆیە هەروەک بەهەشت گوڵشەنی دیمەنی *** ئاوەکەی سەرچنار کەوسەری سەرزەمین تۆ دەسی کردگار پێتی بەخشیوە ژین *** هەڵقوڵە هەر بە جۆش ڕێڕەوت گەوهەرە ئاوی پیرۆز و خۆش لوتفی خوات لەسەرە *** تۆم هەبی پاک و ڕوون جێگە سەیرانی عام بۆ تەواوی دەروون ناچمە لوبنان و شام *** ئەودەمەی جار بە جار دێمە سەیران لەلات بانگ ئەکەم پڕ بە زار گەییمە ئاوی حەیات ++++++++++++++++++++++