شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: ڕاوچیانی ئازادی سەبارەت: ٥ خاکەلێوەی ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر دەیانەوێت پەتی کپی هەڵواسێنن لە ئەستۆی دەنگ مۆسیقارەکان بکوژن ساز و ئاواز بخنکێنن شین نامەی تاڵ لە گوێ خەڵکدا بکەن بە جوانترین ئاهەنگ دەیانەوێت قاچی سپی سەمای بەفر بە گەردەلوولی نەگبەتی لە ئاسمانەوە بشکێنن دەسماڵی ئەوینی چۆپی لە هەڵپەرکێ باران و با بە ئاگری ڕقی ناخیان هەزاران جار بسووتێنن دەیانەوێت پاسارییەکان بەیانی لە خەو هەڵنەستن له مەڵۆی پەژارە و خەفەت لە سەر لقی هەر درەختێک بۆ پەپووی شوومی بیرۆکە هێلانەیەک دادەبەستن عەشق بە گوناه ناو دەبەن لم بۆ سەری ڕووبار ئەبەن هەموو ڕەنگەکانی دونیا تێکەڵی ڕەنگی ڕەش دەکن لایان فڕین پەپوولە گوڵ بنەماڵەی ئەهریمەنن ئەم ڕاوچیانەی ئازادی بە هەرچی خۆشیە دوژمنن ++++++++++++++++++++++