شاعیر: مەلا ئاوارە کتێب: شیعرەکان سەرناو: هەدا نادەم ڕۆژ و شەوێ سەبارەت: ١٩٦٧ - نووسین: میدیا هەدا نادەم ڕۆژ و شەوێ خۆم بسرەوم دڵ ناسرەوێ تاکوو هەلم دەس دەکەوێ دنیا گشتی سەر یەک کەوێ لێم ببڕن خۆراک و خەوێ کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ تاکوو قۆناخی سەربەستی ئەسپی خەباتم ناوەستی تا دەرنەچم لە ژێر دەستی نامەوێ سەرمایەی هەستی مەرگ، نەک ژینی ژێر دەستی کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ بۆ ئازادی و خودموختاری بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری بە سەربەرزی و بەختیاری بە گیان دەکەم فیداکاری تا دەبڕم کلکی زۆرداری کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ کلکی زۆردار دەقرتێنم قەڵای سەختی دەڕووخێنم بەردی بناخەی دەردێنم وەک دێڵەسەگ دەیتۆپێنم کە نەشتۆپا دەیڕەتێنم کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ دەیڕەتێنم تا کێوی قاف جیهانی پێ دەکەم تەواف بەبێ گاڵتە و لاف و گەزاف شەرتە نەکەم وەعدە خیلاف یا بمرم یا بستێنم ماف کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ دەستێنمەوە مافی خوراو بۆ نیشتمانی بەش کراو هەزاران دایکی زگ سووتاو هەزاران لاوی سەربڕاو دەژیێنمەوە وەک گوڵ بە ئاو کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ من ناهێڵم نەسڵی بەدکار وەک هەڵۆ لێی دەکەومە کار بچتە ئاسمان نایکەم قوتار لە ژێر زەوی بۆی دەچمە خوار لێی ناهێڵم یەک جووقەوار کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ جووقەواری لێ ناهێڵم وڵاتی پێ بەجێ دێڵم خاکی خۆم بۆ خۆم دەکێڵم سوودی بزن و مەڕ و چێڵم چیدی نایدەم بە فڕ و فێڵم کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ تا کەی خەزێنە و نەوتەکەم بە بووکۆڵە و فیتفیتە دەم؟ خەڵک شاد و من دڵ بە خەم لە سەر گەنجی وڵاتەکەم خاکی خۆشم ئاوارەکەم کوردم و کوردستانم دەوێ هیوای بەرزم قەت نانەوێ ++++++++++++++++++++++