شاعیر: دڵدار کتێب: دیوانی دڵدار سەرناو: ئەی لاو ئەرێ ئەی لاو لە هیچ وەختێ نەکەی مەئیووسی ژینت بێ دەبێ هەردەم عەزمدار و دەوای دەرد و برینت بێ لە مەیدانی تەقەددومدا تەلاش ئەسپی نەجاتت بێ لغاوی ئەسپەکەت فیکر و عیلم ئاوزینگ و زینت بێ بەڵێ دائیم هونەرمەند بە لە میدانی نەبەردیدا بەهۆی عەقڵ و هونەرمەندیت دەبێ تیشکی زەمینت بێ لەنێو گەلدا ئەبێ ئیعلانی جەنگی کەی لەگەڵ جەهلا عیلم چەک بێ لە ئەم جەنگە، وەتەن جێگای کەمینت بێ لە ڕێگای شەئن و بەرزیدا دوور ئەندیشێکی وریا بە مەنافیع پەروەریی میللەت ئەبێ ئامانجی ژینت بێ نەکەی بۆ بەرزیی ئامانجت برای خوێنیت لە بەندێ کەی بە بەرزی شاد و مەسروور و بە نزمی ژینی شینت بێ لە وەختی گەنجی گەنجیدا دەبێ ڕەنجێکی گەنجی دەی نەوەک وەختت بڕەنجێنی لەنێو جێگا و نوێنت بێ لە دنیادا حەقی ژینت هەیە تاکوو نەفەس دانێی بەڵام چاکە و ڕەوشتی چاک دەبێ ئایین و دینت بێ برای تۆنە هەموو کوردێک وەکوو واڵەن کناچەی کەی نەکەی دڵ پیس و جوێندەر بی بەرامبەریان وەڕینت بێ ئەگەر لاوێکی کوردی تۆ، دەبێ دڵپاک و باڵا بی نەوەک دڵداری دڵپەروەر، دڵت قورئانی دینت بێ ++++++++++++++++++++++